كوردستان له‌ كوێی جێنده‌ر و فێمێنیزمدایه‌؟

Updated: Feb 6



فێمێنیزم (زانستی ژنناسی) هۆکارێکە بۆ خەباتکردن بە ئامانجی به‌دیهێنانی مافەکانی ژنان، تاکە فەلسەفەیەکە جێگرەوەیەکی لەبار بۆ سیسته‌می پاتریارکی دادەنێ. فێمێنیزم وەک بزاڤێکی کۆمەڵایەتی و هزری لە فراوانترین مانایدا لە هەوڵی بەرزکردنەوەی پێگەی ژناندایە وەک توێژێک لەکۆمەڵگادا، چاوەڕێش دەکرێت وەکو هەر بزاڤێکی کۆمەڵایەتی و هزری پێگەی نزمی ئەو گرووپەی کاری بۆ دەکات کە لێرەدا واتا ژنان، ڕاڤە بکات و هۆكار و فاکتەرە کاریگەرەکان لەسەر ئەم ڕەوشە ڕوونبکاتەوە؛ وێنەیەکی ئەو کۆمەڵگا خوازراوەی تیایدا ژنان بەهرەمەندن بە ڕەوشێکی گونجاو بخاتەڕوو، کۆمەڵە داواکارییەک بۆ گەیشتن بەم ئامانجە بخاتە ناو پرۆگرامەکانی. دواجار لەگەڵ دیاریکردنی ستراتیژی کارەکەی ئەو شێوازە کاریگەرییەش بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی دەستنیشان بکات.


بۆ زانین و تێگەیشتنێکی قوڵ لەبارەی کێشەکانی ژنان و خوێندنەوە بۆ بارودۆخی کوردستان بە سوودوەرگرتن لەئەزمونی گەلان، بوونی مەعریفە لەبارەی ڕیشەی کێشەکان و مێژووی سەرهەڵدانی بزووتنەوەکانی فێمێنیستی وەک پێویستییه‌ك ده‌خه‌مه‌ڕوو. بۆ ئەمەش هەریەک لەڕەوتە فێمێنیستییەکان، ڕیشەی نابەرابەری کێشەی ژنان دەگه‌ڕێننەوە بۆ ڕەهەندێک لەمێژوودا؛ دوای ئەوەی خەباتی فێمێنیستی کەوتە ژێر کاریگەری ئایدیۆلۆجیا جیهانییەکان بزووتنەوەکەش دابەشبوو بۆسەر چەند قوتابخانەیەکی جیاواز، بۆ نموونە فێمێنیستە مارکسییەکان بەو جۆرە شرۆڤە بۆ کێشەی ژنان و سەرچاوەی نایەکسانی و نابەرابەری دەکەن، کە کێشەیەکی چینایەتی و ئابوورییە.




لێبڕاڵ فێمێنیستەکان ڕیشەکە دەگەڕێننەوە بۆ عەقڵی مرۆڤ، بەو پێودانگەی هەردوو ڕەگەز خاوەن عەقڵن بە یەکسانی، هەر بۆیە دەبێ ژنان خاوەنی ماف و ئەرکی یەکسان بن له‌ بەدەستهێنانی بەرابەریبوون لە بازاڕی ئازاد و خاوەنداری سەرمایە و به‌ بازاڕیكردن بۆ کارکردنی ژنان لە کەرتە تایبەتەکاندا.


ڕادیکاڵ فێمینیستەکان ڕەگی کێشەی ژنان دەبەنەوە سەر پاتریارکی و نه‌ریتی سه‌پاو، پیاوسالاری بەهۆکاری بنچینەیی نابەرابەری هەژمار دەکەن؛ هەروەک بلاک فێمینیستەکان پێیانوایە نەهێشتنی ئەو جیاوازییانەی لەسەر بنەمای ڕەگەز و ڕەنگ دروستبوون، یەکسانی دێنێتە ئاراوە. بلاک فێمینیستەکان ئەو ڕەوتەی ژنانی ڕەشپێست بوون كه پێیانوابوو جیاوازی ڕەگەز و ڕەنگ یەکێکی دیكه‌یە لە رەگی کێشەکانی ژنان و رووی رەخنەکانیان ئاراستەی ژنانی سپی پێست بوو بەو پێیەی سپی پێستەکان ژنانی رەش پێستیان پەراوێزخستووە.

بەم شێوەیە چەندان شەپۆل و قۆناغی جیاواز و چەندان ڕەوت و بزاڤی فێمێنیستی سەریان هەڵداوە تا فێمێنیزمی ئیسلامی، کە بەپێی بارودۆخ و هەلومەرجی ناوچەکە میکانیزمی خەباتی بزووتنەوەکەی دیاری کردووە.


هەریەک لەو ڕەوتانە رووبەڕووی رەخنە و شرۆڤەی جیاواز بوونەتەوە، چەندین ڕەخنە و تیۆری جیاوازهەن لەبارەی ئەوەی کام یەک لەو بزووتنەوە و گرووپ و ڕێکخراوانە بە دیدێکی ژنانەوه‌ لەهەناوی هەستێکی ژنانەوە هەڵقوڵاون یان ناسنامەیەکی هاوبەشیان لەسەرتاسەری دونیادا بەرهەمهێناوه‌ کە هەستێکی یەکێتی بەو ناسنامەیە به‌خشیبێت.

بە پشتبەستن و تێگه‌شتن له‌زەمینەی سەرهەڵدانی فێمێنیزم لەناو هەلومەرجی فکری و بابەتی سەدەکانی پێشتر و وڵاتانی تر، دەکرێ لێکۆڵینەوە بۆ بارودۆخی کوردستان بکەین کە تا چ ڕادەیەک ئەو زەمینه‌یە ساز و ئامادەیە بۆ گەشەسەندنی بزووتنەوەیەکی لەم شێوەیە.


ئه‌وه‌ی به‌دیده‌كرێت، تائێستا بزووتنەوەیەکی فێمێنیستی ڕاستەقینە لەکوردستان بوونی نییە و بەشێوەی وزەیەکی پەرتبوو یان لەبارچوو لەنێو رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و حیزبەکان بوونی هەیە.


پاشخانی مێژوویی لە هه‌رێمی كوردستان بەسەر دوو قۆناغدا دابەش دەبێت، کە بریتین له‌: شاخ و شار. لە قۆناغی شاخدا بەهۆی بارودۆخی سیاسی و داگیرکردنی کوردستان لەلایەن وڵاتانی تر و شەڕی بەردەوام؛ هەستی نەتەوایەتی لە لای هەرتاکێکی کورد به‌جۆش بوو، ئەمە وای کرد ژنان خەباتی نەتەوایەتی بخەنە پێش خەباتی فێمێنیستی.


لە قۆناغی شاردا لەکاتێکدا هێشتا بزووتنەوەیه‌کی فێمێنیستی دروست نەببوو، خەباتی ژنان هه‌نگاوی نا به‌ره‌و خەباتی مەدەنی لە نێو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و پارتە سیاسیەکان؛ ئەمەش جیاوازییەکی ڕوونی هەیە لەگەڵ ئەوروپا، کە دوای تێپەڕاندنی چەندین قۆناغ لە شۆڕشی فێمینستەکان بەم قۆناغەی ئێستایان گەیشتوون.


پاش دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خەباتی ژنان ڕاستەوخۆ چووە ناو خەباتی مەدەنی، ئەمەش بووە هۆی توانەوەی وزەی ژن لەنێو ئه‌و ڕێكخراو و گرووپ و حیزبانه‌ی هەڵگری فکری فێمینیستی نەبوون، چونکە ئه‌وان لەدایکبووی ژینگەکە نەبوون، بەڵکو بەرنامە و پلان و ئەجێندای ڕێکخراوە بیانییەکانیان پەیڕەو دەکرد؛ هەربۆیە بێ بوونی بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵی و پێشینەی ژنان، خەباتەکە پەلی هاوێشت بۆ خەباتی یەکسانی جێندەری و پرسی یەکسانی، له‌كاتێكدا یەکسانیی ده‌ستەواژەیەکی مافناسانەیە بەرلەوەی دەستەواژەیەکی فێمینیستانە بێت.


ململانێی دەسەڵات هێندەی تەمەنی مێژوویپیاوسالاری و كێشه‌ی یەکسانی لە ماف درێژه‌، گەیشتن بە ماف تایبەتە بە هەردوو ڕەگەز چونکە پیاویش بێبەری نەبووە لەو کاریگەرییە نەرێنییانەی سیستەمی پیاوسالاری لە سەر هەردوو ڕەگەزەکەی داناوە؛ بۆیە ئەم پێویستییە مافناسییە بۆ هەردوو ڕەگەز گرنگە و پێویستی هەبوونی یەکسانی جێندەری دێنێتە ئاراوە، کە هەردوو ڕەگەز بە پیاو و ژنه‌وه‌ گرنگە کار لەسەر ئەم بابەتە بکەن، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بەژنناسی و خەباتی فێمینیستییەوە هه‌یە لەخودی ژنانەوە هەڵدەقوڵێ و لەهەموو وڵاتان و لەهەر بارودۆخ و قۆناغێکدا تەنیا ژنان دەتوانن بزوێنەری بن و ئامانجەکانی بەدەست بێنن.



ئه و سه رچاوانه ی له م نووسینه‌دا سوودیان لێوه‌رگیراوه:

١- كتێبی (شەرەفنامە) نووسینی مهاباد قەرەداغی.

٢- كتێبی (فێمێنیزم پێشه‌کیەکی زۆر کوورت) نووسینی مارگرێت واڵتەرز.

٣- كتێبی (فێمێنیزم) نووسینی شنۆ مێهر پەروەر.

٤- كتێبی (فێمێنیست ناسی و چڤاکی کوردی) نووسینی ماردین جەلال.


78 views0 comments