له‌نێوان ده‌رفه‌ت و به‌ربه‌ستدا ژنان له‌كوێی پۆسته‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵادان
- ڤیەننا سەلام
- Feb 15, 2022
- 5 min read
"کاتێک خۆم کاندید کرد و چوومە ڕکابەرییەوە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە، تەنیا ژنێک بووم لەنێو ١٤ کاندیدی دیكه‌ی پیاودا، هەنگاوه‌كه‌م بۆ زۆربەی خەڵکی دەوروبەرم جێگای سەرسوڕمان بوو، بە جۆرێک باوەڕیان نەدەکرد ژنێک بتوانێت پۆستەکە بەدەست بهێنێت".
قسه‌كانی پ.ی.د. مهاباد كامل عه‌بدوڵڵا سه‌رۆكی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه له‌باره‌ی خۆ كاندیدكردنه‌كه‌ی، به‌ده‌رنه‌بوو له‌باسكردنی ئه‌و ئاڵەنگارییانه‌ی له‌وكاته‌دا پیایدا تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام ئه‌و جه‌ختی له‌سه‌ر "باوه‌ڕبه‌خۆبوون" كرده‌وه و وتی "ژنان لە هەر شتێک زیاتر پێویستیان بە باوەڕە، باوەڕ بەوەی کە دەتوانن".
ئه‌و به‌پێی ئه‌زموون تێبینی کردووە "كچان زۆر سه‌ركه‌وتوون له‌خوێندندا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاتێك بابه‌ته‌كه دێته‌سه‌ر وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات و ڕۆڵ له بڕیارداندا، كه‌متر دێنه پێشه‌وه" به‌تایبه‌ت کە خۆی هه‌ندێكجار پێشنیاری پۆستی بۆ مامۆستایانی ژنی زانکۆی هەڵەبجە کردووە بەڵام "خۆیان ئامادەنەبوون وەریبگرن" چونكه ویستێکی بەهێز لای ژنان نابینێت بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتەکان و "ژنان هەندێکجار وا هەست دەکەن ئەو جۆرە پۆستانە لەخزمەتکردنی خێزانەکانیان کەمدەکاتەوە، بۆیە تەنیا ڕۆڵی فەرمانبەر و مامۆستایەتی هەڵدەبژێرن".
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه له‌ساڵی ٢٠١١ دامەزراوه، به‌ڵام پ.ی.د. مهاباد كامل عه‌بدوڵڵا یه‌كه‌م ژنه سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه بكات، هاوكات یه‌كه‌م ژنه سه‌رۆكایه‌تی زانكۆیه‌ك بكات له‌كۆی 36 زانكۆی هه‌رێمی كوردستان؛ د. مهاباد ته‌نیا ژن نییه خواستی به‌شداری له‌پێگه‌كانی بڕیاردا هه‌بێت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی پێگه‌ی ژنان و پرسی یه‌كسانی جێنده‌ری له‌به‌رێوه‌بردنی پۆسته‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و تویژینه‌وه‌ی زانستی جێی ڕه‌خنه و ئاڵنگاری زۆره بۆ ئه‌و ژنانه‌ی ده‌یانه‌وێت پۆسته‌كانی به‌ڕێوه‌بردن و یه‌كه‌كانی ناو وه‌زاره‌ته‌كه به‌ده‌ستبهێنن، ژنان به‌ئاسانی ناگه‌نه پۆسته‌كان.
به‌پێی ئامارێك كه د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەساڵی ٢٠١٩، لەمیانی گفتوگۆیەکی کراوەدا له‌چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خستییه ڕوو سه‌باره‌ت به رێژه‌ی ژنان له‌زانكۆكانی هه‌رێم و پێگه‌یان له‌وه‌زاره‌ته‌كه‌دا، وتی "کچان رێژەی ٥٢%ی خوێندکارانی قۆناغی بەکالۆریۆس پێکدەهێنن لەنێو وەزارەتی خوێندنی باڵادا، ئێستا ئەو ڕێژەیە بەرزبۆتەوە بۆ ٥٨٪" به‌ڵام "لەنێو مامۆستایان‌دا ژنان ڕێژه‌ی ٣٥% و لەنێو سەرکردە ئەکادیمییەکانیشدا رێژەی ٨% پێكده‌هێنن".
ئاماره‌كانی وه‌زیری خوێندنی باڵا لاوازی پێگه‌ی ژنان له‌سه‌ركردایه‌تی ئه‌كادیمییدا ئاشكراده‌كات، هاوكات لەنێو دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵادا لەکۆی شەش بەڕێوەبەری گشتی تەنیا یەکێکیان ژنە، لە ٤٠ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی حکومی هیچیان ژن نین. تائێستاش یەکەی یەکسانی جێندەری له‌و وەزارەته دانەمەزراوە کە ڕاستەوخۆ سەر بە نوسینگەی وەزیربێت، لەکاتێکدا زۆربەی وەزارەتەکانی دیكه ئەو یەکەیەیان دامەزراندووە، تەنانەت لیژنەی باڵای یەکسانی جێندەری لەوەزارەتی خوێندنی باڵادا پیاوێک سەرۆکایەتی دەکات.
د. دڵخۆش جاره‌ڵڵا سه‌رۆكی لیژنه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی نازناوی زانستی له‌كۆلێژی زمانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین، له‌ڕوانگه‌ی ئه‌زموونی خۆیه‌وه باسی له‌وه كرد "پۆستی کارگێڕی بە گشتی کێشەی زۆرە و لەتوێژینەوە و بەرەوپێشچونی ئەکادیمی دوورت دەخاتەوە".
زانکۆی سەڵاحەددین لەساڵی ١٩٦٨ له شاری هه‌ولێر دامەزراوە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زانکۆکە ژنانی ئەکادیمی بە زۆرترین ساڵی ئەزموونەوە لەخۆدەگرێت، لەکۆی ١٥ کۆلێژ تەنیا یەک ژن له‌پۆستی ڕاگردایه و ژمارەیەکی کەمیش لەپۆستی سەرۆک بەشدان.
د. دڵخۆش پێی وابوو ڕاسته ژنان لەزانکۆی سەڵاحەدین زۆر کەم پۆستی کارگێڕییان هەیە به‌ڵام "ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لەلیژنە ئەکادیمی و زانستییەکاندا بەهۆی ئەوەی متمانەی زیاتریان پێ دەکرێت به‌وه‌ی کارەکانیان بە ئەمانەتەوە ئه‌نجامبده‌ن".
له‌باره‌ی ئه‌و كۆسپانه‌ی له‌به‌رده‌م ژناندایه له‌پرۆسه‌ی به‌ده‌ستهێنانی پۆسته‌كان، مامۆستا ڕێزان عوسمان جێگری ڕاگری کۆلێژی هونەر لەزانکۆی سەڵاحەددین، وتی "ململانێی حیزبی و ویستی بەدەستهێنانی پۆست لەلایەن پیاوانەوە لەنێو زانکۆکان‌دا ئەو پێگانەی لەپێش چاوی ژنان خستووە، بە جۆرێک کە زۆرێک لەژنان نایانەوێت ببن بە خۆڵەمێشی ململانێ و دواجاریش خوێندکاران باجەکەی بدەن".

ئاماری ساڵی 2021ی سه‌نته‌ری جێنده‌رناسی له‌زانكۆی سلێمانی، ده‌ریده‌خات ڕێژه‌ی ژنان لەپێگەکانی دروستکردنی بڕیاردا لەزانکۆی سلێمانی به‌رزتره له‌ئاستی زانكۆكانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به رێژه‌یه‌ك كه "٣١٪ی ژنان له‌پێگه‌ی دروستكردنی بڕیاری زانكۆكه‌دان، لەکاتێکدا رێژەکە پێش دوو ساڵ ٢١٪ بووە".
بوشرا کەسنەزانی، مامۆستا لەبەشی زمانی کوردی زانکۆی سلێمانی، بوونی ژنان له‌پێگه‌ی دروستكردنی بڕیار له‌زانكۆی سلێمانی بۆ كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌ڕانده‌وه، لەگەڵ ئەوەشدا ڕوانگه‌ی بۆ به‌ربه‌سته‌كان وابوو كه "ژنان بەهۆی ئەوەی ئەرکی دیکەی ماڵ و خێزانیان لەسەرە، تا ڕادەیەکی زۆر خۆیان لەپۆستەکان بە دوور دەگرن، چونکە وەرگرتنی هەموو ئەو ئەرک و بەرپرسیاریەتییە پێکەوە فشارێکی دەروونی زۆر دەخاتە سەریان".
جیاواز لەو هۆكاره خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی مامۆستا بوشرا وه‌ك ئاسته‌نگ خستییه‌ڕوو، د. میدیا ئیبراهیم جێگری ڕاگری فاكه‌ڵتی ئاداب بۆ كاروباری زانستی له‌زانكۆی سۆران، رای وابوو یەکێک لەهۆکارە دیارەکان بۆ لاوازی رۆڵی ژن لەزانکۆکاندا "ترسی ژنانە لەو عەقڵییەتە باوەی کە پێی وایە هەر ژنێک پۆستێکی باڵا وەربگرێت لەبەرامبەردا باجێکی ئەخلاقی داوە، ئەمەش ژنانی لەدواوە هێشتۆتەوە".
زانكۆی سۆران له‌ساڵی ٢٠٠٩ دامه‌زراوه، له‌ئێستادا دوو پۆستی سەرۆک بەش و پۆستێکی جێگری راگری کۆلێژ ژنان به‌رێوه‌ی ده‌به‌ن، زانكۆی دهۆك-یش كه له‌ساڵی ١٩٩٢ وه دامه‌زراوه لەکۆی ٢٣ ئەندامی ئەنجومەنی زانکۆ کە له‌ڕاگری كۆلیژه‌كان پێكهاتوون تەنیا دوو ژن تیایدا ئەندامن؛ زانکۆی کوردستان وه‌ك زانکۆیەکی حکومی سەربەخۆ لەساڵی ٢٠٠٧ دامه‌زراوه و تائێستا هیچ یەکێك لەپۆستەکانی راگر و سەرۆک بەشه‌كان له‌لایه‌ن ژنانه‌وه به‌ڕێوه‌نابرێن، ته‌نیا سێ پۆست لەزانکۆکەدا ژن بەڕێوەی دەبەن ئه‌وانیش بەڕێوەبەری کتێبخانە، بەرپرسی بەشی تۆمار و بەرێوبەری فاوندەیشن کە سەنتەرێکی تایبەت بە فێربوونی زمانە، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی سەنتەری جێندەرناسی تیادا دانەمەزراوە.
د. بەهار جەعفەر راگری کۆلێژی پزیشکی ددان لەزانکۆی دهۆک، وای بینی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئاستەنگێكی زۆر له‌به‌رده‌م ژناندا هەن "به‌ڵام تا دێت ژنی زیاتری بەتوانا دەبیندرێن، بوێری و دەرفەت رەخساندن بۆ وەرگرتنی پۆستی کارگێڕی لەلایەن ژنانەوە بەرەو هەڵکشانە و ئەمە وا دەکات گەشبین بین بە داهاتووی ژن لە کوردستاندا".
لاوازی پێگه‌ی ژنان و پرسی نه‌بوونی یه‌كسانی جێنده‌ریی له‌بەڕێوه‌بردنی پۆسته‌كاندا ته‌نیا له‌زانكۆ حكومییه‌كاندا قه‌تیس نەبووە، به‌ڵكو له‌به‌شێك له‌زانكۆ ئه‌هلییه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌رنه‌كراون و درێژه‌یان هه‌یه، بۆ نموونه زانکۆی لوبنانی فەرەنسی کە زانکۆیەکی ئەهلییە و لەساڵی ٢٠٠٧ له‌هه‌ولێر دامەزراوە، لەکۆی چوار کۆلێژ و ١٨ بەشی جیاواز تەنیا یەک راگری کۆلێژ و سێ سەرۆک بەش ژنان به‌رێوه‌ی ده‌به‌ن.
د. رۆژان دزەیی راگری کۆلێژی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەزانکۆی لوبنانی فەرەنسی، ره‌خنه‌ی له‌نه‌بوونی داتا و زانیاری پێویست هه‌بوو له‌وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا تایبه‌ت به رێژەی ژنان لە زانکۆکان‌دا و وتی "لەگەڵ ئەوەشدا ئەو نایەکسانییەی لەپێدانی دەرفەت بۆ پیاوان و ژنان لەنێو زانکۆکان‌دا هەیە بە پلەی یەکەم بێ متمانەییە بە توانای ژن لەبەڕێوەبردندا".
زانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی كه یه‌كێكه له‌زانكۆ ئه‌هلییه‌كان و له‌ساڵی ٢٠٠٧ دامه‌زراوه، بەپێی ئامارێكی زانكۆكه " ٪٥٣ی کارمەندان پیاو و ٪٤٣یان ژنن" بەڵام لەگەڵ ئەو رێژە زۆرەی ژنانیش لەزانکۆکەدا، جگە لەیاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ و بەرپرسی بەشی سەرچاوە مرۆییەکان، هیچ ژنێک لەپۆستەکانی راگر و سەرۆکی بەشەکان و بەڕێوەبەرایەتی بەشە ئیدارییەکاندا نین.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئاماره‌كان ئه‌گه‌ر به‌ڕێژه‌یه‌كی كه‌میش بێت ده‌ریده‌خه‌ن ژنان له‌به‌شێكی پێگه‌كانی به‌رێوه‌بردندا هه‌ن، به‌ڵام د. نەبەز نەوزاد عەبدوڵڵا سەرۆکی بەشی کارگێڕی کار لەزانکۆی نۆڵج کە زانکۆیەکی ئەهلی شاری هەولێرە، رای وابوو ژنان نەک تەنیا رۆڵێکی کەمیان هەیە بەڵکو لەهەندێک باردا هیچ رۆڵێکی ژن نابیندرێت لەبەڕێوەبردنی زانکۆکان‌دا. ئه‌و ره‌خنه‌ی هه‌بوو له‌سیسته‌می ئه‌كادیمی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان و وتی "لەئێستادا سیسته‌می ئەکادیمی ئێمە لەلایەن ئەقڵییەتێکی کلاسیکەوە بەرێوەدەبرێت، کە نەک تەنیا رێگا بە رۆڵی ژنان نادات بەڵکو مامۆستای پیاوی گەنجیش لەو سیستەمەدا چەوساوەیە".
سەرۆکی بەشی کارگێڕی کار لەزانکۆی نۆڵج ره‌خنه‌ی له‌سیسته‌می ئه‌كادیمی زانكۆكان هه‌بوو، به‌ڵام ئانا مارکیس توێژەری ئەکادیمی لەزانکۆی کوردستان-هەولێر به‌ڕاشكاوی ره‌خنه‌ی له‌خودی ژنان هه‌بوو به‌وه‌ی "بەشێک لەژنان کە دەرفەتی وەرگرتنی دەسەڵاتیان هەیە کەمتر بەهۆی شایستەییه و زیاتر بەهۆی پەیوەندی خێزانەکانیان یان په‌یوه‌ندی خۆیانە بە پارتە سیاسییەکانەوە." بە تێڕوانینی ئانا "ئه‌گەر ژنێک لەخێزانێکی ناودار بێت کە پەیوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەهێزییان هه‌بێت" دەتوانێت ئاسانتر بگات بە پۆستەکان و دەسه‌ڵات.
له 8/8/2018 به‌بڕیاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بڕیاردرا به‌كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ره‌كانی جێنده‌رناسی و خوێندنی وانه‌ی جێنده‌ر له‌زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام تائێستا ئه‌و سه‌نته‌رانه له‌به‌رده‌م ئاڵنگاری و كیشه‌دان؛ پرۆفیسۆر لین رۆس یاریدەدەری بەڕێوەبەری سەنتەری جێندەر و گەشەپێدان لەزانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی "نه‌بوونی پاڵپشتی دارایی بۆ سەنتەرەکانی جێندەر لەئاستی پێویستدا" به كێشه هه‌ژمار كرد و جه‌ختی له‌پێویستی ته‌رخانكردنی كات بۆ به‌ڕێوه‌بردنی سه‌نته‌رەكان كرده‌وه و وتی "کاری سەنتەرەکان پێویستی بە کات و وزەی زۆر هەیە، بەرپرسانی سەنتەرەکان بەهۆی بەرپرسیاریەتی ئەکادیمییەوە کەمتر ده‌توانن کاتی بۆ تەرخان بکەن".
ڤیان مەحمود زامدار ئەندامی پێشووی لیژنەی باڵای یەکسانی جێندەریی لەوەزارەتی خوێندنی باڵا، ڕۆڵی سه‌نته‌ره‌كانی جێنده‌رناسی خسته‌ڕوو له‌گه‌یشتنی ژنان به پێگه‌كانی بڕیار و وتی "سه‌نته‌ره‌كانی جێنده‌رناسی کاریگەری ئەرێنییان دەبێت لە گەیشتنی ژنان بە پێگەکانی بڕیار لەنێو زانکۆ و دامەزراوەکانی دیکەی حکومەتدا" به تایبه‌ت "ئه‌گەر بەرنامەی کاری خۆیان هەبێت و پاڵپشتییان بۆ زیاد بکرێت". هاوكات ئه‌و جه‌ختی له‌گرنگی "ئەنجامدانی توێژینەوە و دروستکردنی هۆشیاری" كرده‌وه وه‌ك به‌شێك لەکاری دوورمەودای ئه‌رێنی.
په‌یوه‌ست به‌چارەسەر بۆ ده‌ربازبوون له‌به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م ژنان و به‌هێزكردنی پێگه‌یان له‌ناوه‌نده‌كانی بڕیار له‌وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، سه‌رۆكی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه چاره‌سه‌ره‌كانی په‌یوه‌ستكرد به "پەروەردە و خێزان و کۆمەڵگا" ئەوەش به‌ئامانجی "دروستکردنی هوشیاری بۆ پێگەیاندنی تاکێکی ژنی گەنج کە رۆڵی لەدروستکردنی بڕیاردا هەبێت". به‌ڵام ڕاگری کۆلێژی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەزانکۆی لوبنانی فەڕەنسی پەیڕەوکردنی "سیستمی کۆتا بۆ برەودان بە رۆڵی ژن لەپێگەکانی بڕیاردان" به‌چاره‌سه‌ر دیاریكرد، له‌كاتێكدا سەرۆکی بەشی کارگێڕی کار لەزانکۆی نۆڵج بۆچوونی پێچه‌وانه‌ی هه‌بوو و ڕای وابوو "سیستمی کۆتا چارەسەر نییە و بە زیانی جۆرێتی توانا و خوێندنی ئەکادیمی لەزانکۆکان دەشکێتەوە" له‌بری ئه‌وه ده‌ركردنی ڕێسا و ڕێکاری دیکەی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وە بۆ دروستکردنی دەرفەتی زیاتر به ئامانجی هاتنە پێشەوەی ژنان به‌هه‌نگاوێكی گرنگ خسته‌ڕوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جه‌ختیكرده‌وه له "سزادانی هەر جۆرێک لەڕێگریکردن لەژنان و چەوساندنەوەیان لەسەر بنەمای جێندەر".
Comments